ZNA-هەولێر
بۆ ڕێگرتن لە زیادەڕۆیی خەرجیی زەماوەند و هاوسەرگیری، پەرلەمانی ئۆزبەكستان یاسایەكی نوێی دەركردووە.
راگەیاندنەكانی ئۆزباكستان بڵاویان كردەوە پەرلەمانی ئەم وڵاتە یاسایەكی تایبەتی لەسەر مەراسیمی ئاهەنگی هاوسەرگیری دەركردووە، ئامانج لە یاساكەش دانانی سنوورێكە بۆ ئەوانەی زیادەڕۆیی لە ئاهەنگی زەماوەند و هاوسەرگیری دەكەن.
لە یاساكەی پەرلەمانی ئۆزبەكستاندا هاتووە كە ناكرێ زیاتر لە دوو تیپی میوزیك بەشداری لە ئاهەنگەكانی مەراسیمی هاوسەرگیریدا بكەن و هەروەها سنوورێك بۆ ئەو قافلەیە دابنرێ كە لە دوای كەژاوەی ئۆتۆمبێلی بوك و زاوا دەرۆن و نابێ لە سێ ئۆتۆمبێل زیاتر بێت.
پەرلەمانی ئۆزبەكستان دەڵی ئەگەر سنوورێك بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری دانەنێن، وڵاتەكە تووشی كێشەی ئابووریی گەورە دەبێت، چونكە ئەندامانی كۆمەڵگەكە پارەیەكی زۆر لە ئاهەنگەكان خەرج دەكەن، لە كاتێكدا داهاتی مانگانەی تاكی وڵاتەكە لە نێوان 200 تا 300 دۆلارە.
ئەم هەواڵە 55213جار خوێندراوەتەوە |