ZNA-هەولێر
لە گوندی توڕەقی سەر بە هەولێر، كوڕێك دایكە 52 ساڵەكەی بەردباران دەكات و دەیكوژێت، پۆلیسی هەولێر دەڵێت گەنجەكە ماوەی كەمتر لە مانگێكە لە زیندان ئازاد كراوە كە بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كرابوو.
(م.بەكر) تەمەنی 22 ساڵ، تاقانەی شەش خوشكە، تاوەكو قۆناغی ناوەندی خوێندووە و وازی لە خوێندن هێناوە. كەسوكارەكەی دەڵێن گەنجێكی دەستڕەنگین و سەرتاشێكی كارامە بووە، بەڵام دواتر ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بووە.
بۆچی دایكت كوشت؟ (م) لەژێر لێوەوە گوتی: "ئیشم كرد، دەمویست بە پارەكەی مزگەوت دروست بكەم، بەڵام دایكم پارەكەی لێخواردم، ریشم هێشتەوە تاوەكو ببمە دەروێش، بەڵام مامم بە زۆر ریشی تاشیم، ئەوان خەونەكانی منیان لەنێوبرد".
ئەو دەڵێت كاری خۆی هەبووە و هیچ كێشەیەكی نەبووە "بەڵام بەهۆی هاوڕێی خراپ فێری كێشانی ماددەی هۆشبەر بووم، سەرەتا حەب و دواتریش كریستاڵم دەكێشا، دوای ساڵێك هاوڕێیەكم بەگرتنیدام. شەش مانگ لە ئاسایشی هەولێر بووم، بەڵام نەك هەر حەب و كریستاڵم لەبیرنەكرد، بەڵكو زیاتر شەیدایان بووم و خەونم پێوە دەبینی".
(م) دوای ئازادكردنی لە گومرگی هەولێر كرێكاری دەكرد. لەوبارەوە دەڵێت: "دەمویست بە پارەكەی گومرگ، مزگەوتێك دروست بكەم، پارەكەم لەلای دایكم دانابوو، داوای پارەكانی خۆمم لە دایكم كرد، بەڵام ئەو نەیدامەوە و لێی خواردم".
رۆژی 30ی نیسان (م) دایكی خۆی بە بەرد دەكوژێ. ئەو دەڵێت: "ئەو رۆژە نازانم چۆن و چیم كردووە، تەنیا دەزانم نیوەڕۆ بوو، دایكم بانگی كردم بچمە ماڵەوە نان بخۆم، بەڵام من رامدەكرد و ئەویش بەدوامدا دەهات. منیش تووڕە بووم و بەردبارانم كرد بۆ ئەوەی چیدی دوامنەكەوێت. ئەو كەوتە سەر زەوی و منیش تاوەكو هێزم تێدا هەبوو بەردم تێگرت، نازانم چی بەسەرهات، تەنیا بینیم خوێن بە سەر و ملییەوە بوو. بەدیاریەوە دانیشتم تاوەكو خەڵك و پۆلیس هاتن و دایكمیان برد، منیش گیرام".
بەكر محەممەد، باوكی (م) كە تەمەنی 50 ساڵە، پێیوایە كوڕەكەی بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە هۆشی لەدەستداوە "كوڕەكەم گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر ببوو، هیچی بەبیر نایەتەوە، هەرچەندە ماوەی شەش مانگ لە چاكسازی بوو، بەڵام لەبری چاكبوونەوە و پاكبوونەوە، بەپێچەوانەوە بە تەواوی تێكچووبوو".
سەبارەت بە مامەڵەكردنیشیان لەگەڵ (م)، باوكی گوتی: "ئەو تاقانەی شەش خوشكە، بۆیە زۆرمان خۆشدەویست، بەتایبەت لەگەڵ دایكی زۆر یەكتریان خۆشدەویست. هەموو كەس سەرسام بوون بە رەوشت و دەستڕەنگینیی كوڕەكەم و دەلاكێكی زۆر كارامە بوو، بەڵام تووشی ئەو ماددە پیسەیان كرد".
بەكر كە هێشتا شۆكی رووداوەكە بەرینەداوە، سكاڵای لەسەر كوڕەكەی نییە: "ئێمە بە قەزاوقەدەری خوا رازین، كوڕەكەم كەسێكی بێهۆشە و خۆشی نازانێ چی كردووە، سكاڵای چی لەسەر تۆمار بكەم؟".
(م. خ) دانیشتووی گوندی توڕەق و هاوڕێی پێشتری (م)، دەڵێت: "كاتێك كە دەلاك بوو، بوو بە خاوەنی پارە، بۆیە كەسانی خراپ لێی نزیكبوونەوە. لە جگەرەكێشانەوە بەرەو بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەریان برد، ئەگینا كوڕێكی زۆر بە رەوشت بوو، دایكیشی زۆر خۆشدەویست".
گوتیشی: "لەبەرئەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر نەبوو، بۆیە بۆ چارەسەركردن دەیانبردە لای شێخ و مەلا".
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئەو كەیسە راگەیاند: "رۆژی 30/4/2019 پۆلیس ئاگاداركرایەوە لەحاڵەتێكی كوشتن لە گوندی توڕەق كە دایكێك لەلایەن كوڕەكەیەوە بە بەرد كوژراوە، هەر ئەوكاتە كوڕەكە دەستگیركرا".
گوتیشی: "ئەو گەنجە پێشتر بەهۆی ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركرابوو، دوای تەواوبوونی ماوەی حوكمەكەشی نزیكەی مانگێك بوو ئازاد كرابوو".
روداو
ئەم هەواڵە 65302جار خوێندراوەتەوە |