ZNA-ههولێر
لە چەند ماڵپەڕێکی عێراقی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە تیمساحێک لە نێو رووباری فورات لە باشووری عێراق دۆزراوەتەوە .
بۆ زانینی راستی رووداوەکە، عەلی کەعبی، خاوەنی باخچەی ئاژەڵان لە پارێزگای میسان بۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرا کردووە کە ھۆکاری سەرەکی دۆزینەوەی تیمساحەکە ئەوەیە کە تیمساحەکە لە باخچەی ئاژەڵانی ئەواندا بووەو بە ھۆی ئەوەی کارەبا لیێداوە مردووە.
روونیشیکردۆتەوە کە دوای مردنی تیمساحەکە کرێکارێکی راسپاردووە کە تیمساحەکە ژێر خاک بکات، یان لە شوێنێکی دوورە دەست فڕێی بدات ، بەڵام لەبەر ئەوەی کرێکارەکە پەلەی بووەو لە کۆتایی کاتی دەوامەکەی بووە، تیمساحەکەی فڕێ داوەتە نێو رووباری فورات.
دەشڵێت: دواتر کەسانێک تیمساحەکەیان لە نێو رووبارەکە بە مردوویی دەرھێناوەو وێنەیان گرتووەو لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردۆتەوە کە گوایە تیمساحێکیان بە زیندوویی لە نێو رووباری فورات دا گرتووە، ئەمەش بۆتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ لای ھاووڵاتیان .
ئەم هەواڵە 73444جار خوێندراوەتەوە |