ZNA- ھەولێر
رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، سکاڵایەکی یاسایی لەسەر باوکی نما تۆمارکرد و، ئەمڕۆش بۆ لێکۆڵینەوە بردرایە بەردەم دادگا.
شاگوڵ رەئووف، دایکی نما رایگەیاند "لەسەر سکاڵایەکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، لەسەر ئەو قسە و گرتە ڤیدیۆییانەی نما بڵاویان دەکاتەوە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، ٢٥-١١-٢٠١٨) نەریمانی ھاوژینم براوەتە دادگای چوارچرا لە سلێمانی".
دایکی نما ھەروەھا دەڵێ "حەق نییە لەسەر قسەیەکی نما سکاڵا تۆمار بکرێت، چونکە نما تەنیا قسەی کردووە، کێش گلەیی ھەیە دەکرێت بە قسە وەڵامی بداتەوە، ئەگەر نەریمانیش قسەی کردووە، ھەر دەکرێت بە قسە وەڵام بدرێتەوە".
لەسەر ئەو پرسە نوعمان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرنامەکان لە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان گوتی "ئێمە بەھیچ جۆرێک لەسەر قسە و گرتە ڤیدیۆییەکانی نما سکاڵامان تۆمار نەکردووە، بەڵکو باوکی نما کۆمەڵێک تەشھیری بە رێکخراوەکەمان کردووە، تەنیا دەمانەوێ بەڵگە بۆ ئەو قسانە بێنێتەوە کە لەسەر رێکخراوەکامان کردوویەتی".
نما نەریمان، کچێکی بچووکی دانیشتووی شاری سلێمانیە، بە قسە و رەخنەکانی لەنێو گرتە ڤیدیۆییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە.
ی.ا
سەرچاوە | رووداو
ئەم هەواڵە 78760جار خوێندراوەتەوە |