ZNA- هەولێر
"لەیلا ساڵح" بەتەمەنترین پەنابەر له یۆنانه. بەپێی بەڵگه تۆمارکراوەکان، لەیلا ساڵح لەدایکبووی ساڵی١٩٠٧ـه، واته ١١١ساڵیەتی.
ئەم پیرەژنەی خەڵکی شاری "کۆبانێ"ی رۆژئاوای کوردستانه و له ساڵی٢٠١٥ـەوه لەم شاره دەرچووه، دەیەوێت بۆ بینینی نەوەکانی بچێته ئاڵمانیا.
بەڵام لەیلا ساڵح بۆ گەیشتن به ئاڵمانیا کێشەی هەیه. داواکاریی پەنابەریی کوڕەکەی له یۆنان وەگەڕ نەخراوه و فایلەکەیان تاکو سەرەتای ٢٠١٩ وەگەڕ ناخرێت و به تەنیا سەفەر کردنیش بۆ ئەم پیرەژنه زەحمەته.
رێکخراوێکی ناحکومی بۆ خێراکردنی یارمەتی به لەیلا ساڵح، یارمەتیی دەدات. یاردیدەدەری راگەیاندنی ئەم رێکخراوه دەڵێت: "ئامانجامان رێخۆشکردنی سەفەری لەیلایه و ئەم بنەماڵەیه دەبێت بچنه ئاڵمانیایه. مەبەستمان ئەوەیه، سەرنجەکان بخەینه سەر ئەم کەیسه بۆ ئەوەی پرۆسەی پەنابەرییەکەیان خێراتر بکرێت."
لەلایەکی دیکەشەوه، نەوەکانی لەیلای ١١١ساڵان دەیانەوێت بۆ بینینی داپیرەیان بچنه یۆنان، بەڵام ناتوانن خەرجیی سەفەرەکەیان دابین بکەن.
لەیلا که پێش ئەم سەفەره، هەموو ژیانی له کۆبانێ بەسەر بردووه دەڵێت: "کۆبانێ جێگایەکی زۆر خۆش بوو. خەڵک ژیانی ئاسایی خۆیان دەکرد، تاکو شەڕ شارەکەی وێران کرد و وێرانەیەکی لێ بەجێما."
Euronews
ئەم هەواڵە 94450جار خوێندراوەتەوە |