ZNA:هەولێر زاناکانی فەڕەنسا لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرایان کرد، مێروولە لە توانایدایە نەخۆشیی شێرپەنجە دەستنیشان بکات و دەتوانرێت لە ئایندەدا وەک رێگایەک بۆ پشکنینی دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە بەکاربهێنرێت.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری "Proceedings of the Royal Society B: Biological Sciences" بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن خۆشیەوە پاتریسیا دیتۆری داڕێژەرەوەی توێژینەوەکە و مامۆستا لە زانکۆی سۆربۆرن رایگەیاندووە: دەتوانرێت مێروولە وەک دۆزەرەوەیەکی چالاک بۆ وەرەمی شێرپەنجەیی بەکار بهێنرێت، هەروەها بە ئاسانی مێرووەکە رادەهێنرێت و تێچووەکەشی کەمە.
ئەم توێژینەوەیە پشتی بە توێژینەوەیەک بەستووە کە لە رابردوودا لەلایەن دیتۆری و تیمەکەیەوە ئەنجامدراوە، لە توێژینەوە نوێیەکەدا 70 مێروولە لە جۆری "فۆرمیکا فۆسکا" بەکارهێنراوە لەگەڵ چەند سامپڵێک لە میزی مشکی تاقیگە کە هەندێکیان هەڵگری وەرەمی شێرپەنجەن و هەندێکیشیان شێرپەنجەیان نییە، دوای سێ تاقیکردنەوە، دەرکەوت مێروولەکان بەرخودیان لەگەڵ بۆنی ئەو میزەدا جیاوازە کە مشکەکان هەڵگری وەرەمی شێرپەنجەیین و هەست بە جیاوازییەکەی دەکەن.
ئەم هەواڵە 376جار خوێندراوەتەوە |