ZNA - ههولێر
گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەبارەی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانییەکە لە عێراق بەردەوامن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو سێ تیمەی کە لە لیژنەی باڵای ھاوبەشی سەربازی نێوان عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش پێکھێنراون، بۆ تاوتوێکردنی ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و ئاستی توانای سەربازیی ھێزە ئەمنییە عێراقییەکان و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە لە بەغدا، کۆبوونەوەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەکان کۆنووسی کۆبوونەوەکانیان پێشکەش کردووە، بە ئامانجی تەواوکردنی پێداویستییەکانی پلانی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق و ھەنگاونان بە ئاراستەی فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەندام.
باسی لەوەشکردووە کە کۆبوونەوە و گفتوکۆکانی تیمەکان بە ئامانجی تەواوکردنی کارەکانیان بەردەوام دەبن.
لە ئێستادا، لیژنەیەکی باڵای ھاوبەشی سەربازی لە نێوان عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانییەكە لە عێراق پێکھێنراوە و تا ئێستا دوو جار لیژنەکە لە بەغدا کۆبووەتەوە.
AA
ئەم هەواڵە 343جار خوێندراوەتەوە |