ZNA - هەولێر رۆژنامەنووسی ئەمەریکی تاکەر کارلسۆن دەڵێت، سەرۆک جۆو بایدن کەسێکە کە توانای قسەکردن و ڕۆشتنی نییە، تاکە چانسی ئەوەی کە دەبێت دووبارە هەڵبژێردرێتەوە بۆ پۆستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، لە ڕێگەی ساختەکارییەوەیە.
تاکەر کارلسۆن لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ بلۆگەر لێکس فریدمان گوتی: "جۆو بایدن پیرە، سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەبێتە "گاڵتەجاڕییەک لەسەر دیموکراسی".
ئاماژەی بەوەشکرد، کەسێکی لاواز لە بەهێزترین وڵاتی جیهان هەڵنابژێردرێت، مەگەر ساختەکاری بکرێت.
جێگای سەرنجە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەو گرفتانەی کە بایدن بەدەستی دەناڵێنێت بە تواناکانی بیرەوەرییەوە، توندتر بوون و بەتایبەتی سێ جار چیرۆکی گێڕاوەتەوە کە تیایدا بە هەڵە باسی باوباپیرانی مردووی کردووە لەبری سەرۆکی دەوڵەتانی ئێستا.
جگە لە شەپۆلێکی نوێی نیگەرانییەکان کە بەهۆی ڕاپۆرتی ڕاوێژکاری تایبەت 'ڕۆبەرت هۆر'ەوە هاتە ئاراوە، کە لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکانی پرسی هەڵگرتنی نەشیاوی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بایدن ئامادەی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەکاتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تیمی داواکاری گشتی تایبەت، بایدن کێشەی بیرەوەریی نیشانداوە و نەیتوانیوە بە وردی ئاماژە بە بەرواری دەستپێکردن و کۆتایی کارەکانی بکات وەک جێگری سەرۆک، هەروەها وادەی مردنی بیو کوڕەکەی دیاری بکات.
بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمەریکا لە تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت، دۆناڵد ترەمپ و نیکی هایلی کێبڕکێ لەسەر کاندیدکردنی کۆمارییەکان دەکەن، بایدنیش ڕایگەیاند کە بەنیازە وەک نوێنەری حیزبی دیموکراتەکان وەک سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرێتەوە.
ئەم هەواڵە 388جار خوێندراوەتەوە |