ZNA-هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکا لە سیستەمی فیدراڵیزم و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کردووە، هەروەها داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکایان لە سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لە رێگەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.
سەبارەت بە پرسی شەنگالیش؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، هەڵوێستییان روونە دوای 10 ساڵ لە جینۆساید پێویستە رێککەوتنی شەنگال جێ بەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان.
وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە مافی هەموو پێکهاتەکان و وەک پەناگە بۆ ئاوارەکان دەمێننەوە.
ئەم هەواڵە 340جار خوێندراوەتەوە |