ZNA- هەولێر
٢٧٥ چالاکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ناوخۆی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکەیان وەکوو دەریاچەی ورمێ وشک بووە و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئەو وڵاتەدا بەشداری ناکەن.
لەو بەیاننامەیەدا کە کەسانی وەکوو موڕتەزا ئەلویری، عەبدولعەلی بازرگان، پەروانە سەلەحشووری، هاشم سەباغیان، عەلیڕەزا ڕەجایی، عەلی باباچاهی و ئەبولفەزڵی قەدیانی واژۆیان کردووە، هاتووە کە دۆخی دامەزراوەی نیوەگیانی هەڵبژاردن لە ئێران تەنانەت بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووش زۆر خراپترە.
ئاماژەیان بەوەش داوە، بە ڕەتکردنەوەی بەرفرەوانی شیاویەتیی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر کردبووە، ڕوونە کە هەڵبژاردنەکان بەپێی بەرژوەندیی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و دژی دەسەڵاتی گشتیی خەڵک ئەندازیاری کراوە.
ئەم هەواڵە 523جار خوێندراوەتەوە |