ZNA - هەولێر دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، سەربازێکی ئەمەریکا لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن خۆی سووتاند، هۆکاری خۆسووتاندنەکەشی گەڕاندەوە بۆ شەڕی غەززە.
رۆژنامەی "نیویۆرک ترایمز"ـی ئەمەریکی وێنەو ڤیدیۆی ئەو سەربازەی بڵاوکردەوە و دەڵێت: یەکێک لە کارمەندانی دەزگای نهێنی ئەمەریکا ئاگرەکەی کوژاندەوە، دواتر گواستوویانەتەوە نەخۆشخانە.
گوتەبێژی پۆلیسی واشنتن رایگەیاند، دۆخی تەندروستی ئەو کەسە ناجێگیرە، هەروەها گوتەبێژی هێزی ئاسمانی پشتراستی کردەوە "ئەو کەسەی خۆی سووتاندووە فڕۆکەوانێکی چالاک بووە".
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەو کەسە جل و بەرگی سەربازی لەبەردا بووە، گوتیەتی: "چیتر هاوبەشی جینۆساید نابم" مەبەستی کۆمەلکوژیی فەڵەستینییەکان بووە.
رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، ئەو سەربازە لەکاتی رووداوەکەدا کاتێک خۆی سووتاندووە هاواری دەکرد و دەیگوت: "فەلەستین ئازادە".
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای نهێنی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
کلیک لێرە بکە
ئەم هەواڵە 340جار خوێندراوەتەوە |