English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە واشنتن
2024-02-25 [05:40 AM]

ZNA-هەولێر


رۆژی (25ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەردەوام بە گرنگییەوە سەیری پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش. سەرکردەکانی ئەمەریکا هەمیشە بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی کوردستان دەکەن و بە هاوبەش و هاوپەیمانێکی ستراتیژی وڵاتەکەیان دەزانن، لە چەندین پرسیشدا پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.

نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ـەوە بوونی هەیە و لە ساڵی 2011ـشەوە واشنتن ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە هەولێر بۆ کونسوڵگەری گشتی بەرزکردەوە و لەوکاتەوە بووەتە ئەڵقەی پەیوەندی بەهێز لەنێوان هەردوولا، لە ساڵی 2017، دەستپێکردنی دروستکردنی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە شاری هەولێر راگەیەندرا کە تاوەکو ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە.

یەکێک لە گرنگترین هەڵوێستی سەرکردەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە کوردستان، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بوو لە داڤۆس، 16ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، جەیک سولەیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "کوشتنی خەڵکی سڤیل سەرکۆنە دەکەین و پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەین."

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس ئاماژەی بەوەدا، " ئەمەریکا و سەرۆک بایدن، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی رژد وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەدەن."

لە بەرامبەر کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بودجە و هەناردەی نەوتی هەرێم، کۆشکی سپی چەندینجار هەڵوێستی خۆی ئاشکراکردووە و لە دوایین هەڵوێستیدا، دووپاتیکردەوە، "دەبێت بەغدا و هەولێر کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، حکومەتی فیدراڵ بەگوێرەی دەستوور شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و ئەمەریکا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدایە تاوەکو هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەستپێبکاتەوە".

لە رووی سەربازیشەوە؛ ئەمەریکا وەک هاوبەش و هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی خۆی، سەیری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، ئەمەریکا لە ساڵی 2014 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش لە 2016، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد بە مەبەستی، هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە داعش، دواتر لە مانگی ئەیلوولی 2022 پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتەکە دووپاتکردەوە.

هەروەها لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکاش، مانگی ئاداری 2023 لە هەولێر ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند، "پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە تێکشکاندنی داعش، پێکەوە توانیمان 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش ئازاد بکەین".





ئەم هەواڵە 517جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad