ZNA- هەولێر بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ئێران، قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی 11 مانگدا گەیشتووەتە 55 ملیار و 275 ملیۆن دۆلار کە بە ڕێژەی 2.5% زیادی کردووە.
ئاژانسی مێهر، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە بەهای هەناردەکردن 25 ملیار و 844 ملیۆن دۆلار بووە، هاوکات بەهای هاوردە 29 ملیار و 431 ملیۆن دۆلار بووە.
هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 3% لە کێش و 9% لە بەها کەمی کردووە.
لە کاتێکدا هاوردە لە وڵاتانی دراوسێ لە هەمان ماوەی ساڵدا بە ڕێژەی 11% لە کێش و 15% لە بەهادا زیادی کردووە، لە ماوەی پێشوودا بەهای هەناردەی ئێران بۆ 8 وڵاتی دراوسێ دابەزیوە، لە کاتێکدا بۆ 7 وڵاتی دیکەی دراوسێ بەرز بووەتەوە.
بەهای هەناردەی ئێران بۆ عێراق، تورکیا، کۆماری ئازەربایجان، تورکمانستان، ئەرمینیا، کوێت، قەتەر، و سعوودیە کەمی کردووە. لە کاتێکدا بۆ ئیمارات، پاکستان، ئەفغانستان، عومان، رووسیا، کازاخستان، و بەحرەین زیادی کردووە.
لەم ماوەیەدا بەهای هاوردەکردنی کاڵاکان لەم وڵاتە دراوسێیانە وەک، بەحرەین، کازاخستان، پاکستان، کوێت کەمیکردووە، لە کاتێکدا بەهای هاوردەکردنی کاڵا لەم وڵاتە دراوسێانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە وەک، ئەرمینیا، عێراق، تورکمانستان، قەتەر و رووسیا.
کۆی کێشی هاوردەکردن لە وڵاتانی دراوسێوە گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 432 هەزار تۆن، کۆی کێشی هەناردەکردن بۆ وڵاتانی دراوسێ گەیشتووەتە 67 ملیۆن و 108 هەزار تۆن.
ئەم هەواڵە 349جار خوێندراوەتەوە |