ZNA - هەولێر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر لەبارەی کەمبوونەوەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەوانان دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر لە بەیاننامەیەکدا لە فەیسبوک رایگەیاند، ژمارەیەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندە چاودێرەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان نیشانیاندا کە پێشێلکاریەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن بۆ ساڵی 2022 بۆ 2023 کەمبوونەتەوە و لە ناویشیاندا کەمبوونەوەی بەرچاوی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، بینینی ئەم گۆڕانکاریە مایەی هاندانمانە و دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژینگەی میدیا و ڕاگەیاندن، بەڵام هێشتا ڕۆژنامەوانان و ناوەندە چاودێرەکان ڕاپۆرتی پێشێلکاریی لەسەر هەندێک لایەنی میدیایی بڵاودەکەنەوە لە ناویاندا دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی گشتی و بەشداربوون لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیانەی حکومەت ڕێکیان دەخات.
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەهەولێر دەشڵێت: بۆ باشترکردنی توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوەی پرسیاری بەجێی ڕاگەیاندنەکان لە کاتی خۆیدا، کار لەسەر ئەوە دەکەین گوتەبێژەکانی ناوەندە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تا باشتر تێبگەن لەوەی نوسینگەکانی ڕاگەیاندن لە حکومەتی خۆمان لە ئەمەریکا چۆن کارەکانیان ئەنجامدەدەن.
ئەم هەواڵە 451جار خوێندراوەتەوە |