ZNA- هەولێر
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی کرد و گوتی، وڵاتەکەی پێی وایە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتری دۆخی ئەمنیی عێراق .
کەنعانی، گوتی: "سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پێمان وایە، بوونی ئەو هێزانە لە عێراق هیچ کاتێک ئاسایشی بۆ ئەو وڵاتە دابین نەکردووە و مانەوەشیان بە تێکدەری سەقامگیریی ناوچەکە دەزانین."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها گوتی: "هاوکات پێمان وایە سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، حکوومەت و گەلی عێراق مافی ئەوەیان هەیە بڕیار بدەن. هەڵوێستی حکوومەت و گەلی عێراقیش ڕوونە. بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە بەڕادەی پێویست ڕوونە و ئێمە پشتیوانی لە بەدیهاتنی خواستی حکوومەت، گەل و پەرلەمانی عێراق دەکەین و پێویستیی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە یارمەتیدەری ئاسایشی عێراق دەزانین. لەوەش دڵنیاین کە هێزە چەکدارەکانی عێراق توانای تەواویان هەیە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بپارێزن."
ئەم لێدوانەی کەنعانی لە کاتێکدایە، لە ئێران بەم جۆرە دژایەتیی ئەمریکا ناکرێت و تەنیا میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لایەنگری دەرچوونی هێزی ئەمریکان.
ئەم هەواڵە 403جار خوێندراوەتەوە |