ZNA- هەولێر
بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە ناوچەی بانسارات سەر بە شاری گێڵان لە پارێزگای کرماشان هاووڵاتییەکی کۆچەری بەسەختی بریندار بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، دەموچاو و دەست و لاقی هاووڵاتییەکە بەسەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ڕۆژی ٨ی شوباتیش بەهۆی تەقینەوە لە هەمان ناوچە ژمارەیەک هاووڵاتی بەسەختی بریندار بوون کە یەکیکیان دەست و لاقێکی لەدەست دا.
تەقینەوەی مین لەو ناوچەیە لە کاتێکدایە کە ساڵی ٢٠١٢ بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایانگەیاند، ٧٠٠ هەزار هێکتار زەویی کێڵگەی مینیان لە پارێزگای کرماشان پاک کردووەتەوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا زۆر جار لەو ناوچەیە مین بە مرۆڤ و ئۆتۆمبێلدا تەقیوەتەوە و قربانیی لێ کەوتووەتەوە.
ئەم هەواڵە 457جار خوێندراوەتەوە |