نڤێسینا:رێبوار حەمەلاو شوانی گرنگی وپێگەی هەرێمی كوردستان لەو كات و ساتانەدا دەردەكەوێت كە وڵاتانی ناوچەكە و جیهان كاتێك شۆك ماون لە گڕتنەبەری ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتە ژیرانەی سەركردایەتییەكەی و چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ رووداووپێشهاتەكان و ململانێی قورسی جەمسەربەندییەكان كە چۆن توانیوێتی هاوسەنگییەكان بپارێزژێت ولەگەڵ هاوكێشەكاندا بگونجێنێت ، هەروەها هەموو ئەو بانگهێشت وسەردانە فەرمییانە بەتایبەت بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ( كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ، لووتكەی جیهانی حكوومەتەكان لە ئیمارات و كۆنفرانسی ئاسایسی جیهانی لە میونشی ئەلمانیا )، بەڵگەن بە بایەخ و سەنگی گەلی كورد وقەوارەكەی لە ناوچەیەكی پڕ ئاڵۆزوكێشەدا .
60هەمین كۆنگرەی ئاسایشی میونشن دەستیپێكرد، كە لە 16تا 18ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. كۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 1963 دامەزراوە و دروشمەكەی “ئاشتی لە ڕێگەی دیالۆگەوە”یـە و بە گەورەترین كۆنفرانسی ئاسایش لەسەر ئاستی جیهاندا دادەنرێت.كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە یەك لە گرنگترین كۆڕبەند لە سەر ئاستی جیهان هەژمار دەكرێت بە تایبەتی كە ئەم كۆنفرانسە بە پرسی ئەمنی و سیاسی كە تێیدا سەرۆكی دەوڵەتان و وەزیران و بڕیاردەران و پسپۆڕانی كەرتی توێژینەوەی زانستی و بازرگانی و ئابووری، هەروەها ڕێكخراوە ناحكوومییەكان لەم كۆنفرانسەدا بەشدار دەبن و باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی جیهان دەكەن.
هەرێمی كوردستان وەكو ئەكتەرێكی نا دەوڵەتی بەشداری لە كۆنفرانسەكە دەكات، كە ئەمەش گرنگی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە پرسەكانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوچەكە دەدات، هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەشداریكردن لە كۆڕبەندە جیهانییەكانی هاوشێوەی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دەتوانێت پێگەی سیاسی و ئاسایشی خۆی بەهێز بكات. بەوپێیەی كە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەك ئەكتەرێكی نادەوڵەتی بەشداری لە كۆڕ و كۆبوونەوەكانی كۆنفرانسەكە لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیدا كردووە.
ئەو كۆنگرە بە گەورەترین سەكۆی گفتوگۆكردنی ئاسایش لە جیهان دادەنرێت و تاوەكو ئێستا چەندین رێككەوتنی ئاسایش و دیپلۆماسیی جیهان لەوێوە كراون، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەشدارە و چەندین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشداران و ئامادەبووانی كۆنفرانسەكەدا دەبێت بۆ بۆ دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەكان و كۆبوونەوە تایبەتەكان بۆ تاوتوێكردنی مەترسییە ئەمنییە هەرە بەرچاوەكان. چەندین چالاكیی لاوەكی پەیوەستن بە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، كە بە هاوكاریی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان ڕێك دەخرێن، وەك رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی ئاشتی سەوز و ێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی . بانگهێشتكردنی “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانەی بەهێزی و گرنگی پێگەی هەرێمی كوردستانە لە بواری ئاسایش و وزە لە ناوچەكەدا بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.لە كۆنگرەكەدا؛ زۆر پرسی ئاسایش و ستراتیجی وتووێژ دەكرێت و كۆنفرانسەكە هەلێكە بۆ هەرێمی كوردستان، تاوەكو پێگە و كاریگەری لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەكە بنوێنێت.
ئەو پرسە گرنگانەی كە لە نێو 60 هەمین كۆنفرانسی ئاسایش میونش گفتۆكۆی لە سەر دەكرێت بریتین لە :
یەكەم : بەهێزكردنی متمانە و بەشداری لە چارەسەركردنی ئاشتییانەی ململانێكان. بۆ ئەم مەبەستە، كۆنفرانسەكە پاڵپشتی لە توانای بەرپرسان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەكان بە شێوەیەكی نافەرمی دەكات لەو شوێنانەی كە ناتوانرێت گفتوگۆ بەرەو پێش بچن.
دووەم : ئەم كۆنفرانسە سەكۆیەك دەبێ بۆ بیرۆكە و شێواز و دەستپێشخەریی نوێ، لێرەوە كە ساڵانە زیاتر لە 450 سەركردە و وەزیر و بڕیاردەرەرانی باڵا لە سەر ئاستی هەموو دوونیا باس لە چەندین تێگەیشتن لە بوارەكانی ئاسایش و ئابووری و مرۆڤی و ژینگەیی دەخرێتە ڕوو و باس دەكرێت .
سێیەم : كۆنفرانسی میونشن بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ئاماژە بە چەندین پرس لە نێویاندا كێشەی كۆچبەران و گۆڕانكاریی كەشوهەوا و مەترسییەكانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا و هەروەها دەرفەتەكان لە بەردەم ئۆكراینا بۆ چوونە نێو ڕیزەكانی پەیمانی ناتۆن. لە كاتێكدا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی ئەوەدان كە ووڵاتانی جیهان درك بە مەترسییەكانی فراوانبوونی جەنگە و پێشبینیی قەیرانێكی مرۆیی و ئەمنی و ئابووریی گەورە بكەن كە رەنگە جیهان لە لێواری جەنگی جیهانیی سێیەم نزیك بكاتەوە.
لە كۆنگرەی میونشن زۆر بابەتی گرنگ تاوتوێ دەكرێن و بڕیار بەدەستانی نێودەوڵەتی بەشداریی هەرێمی كوردستانیان لە كۆنفرانسی میونشن بەهۆی ئەو پێگە سیاسی و ستراتیجی و جیۆپۆلیتیكییەی هەیەتی لە لا گرنگە. هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو پێگەی سیاسی و ئابوورییەوە ، دەتوانێت ڕۆڵ و كاریگەری لە سیاسەتەكانی ناوچەكەدا بگێڕێت.
ئەگەر چی هەرێمی كوردستان هەرگیز بەشێك نەبووە لە شەڕ وكێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بەڵام وەك لە ماوەی رابردوو بینرا ، هەمیشە پرێشكی ئاگرەكەی بەركەوتووە و كاریگەریی نەرێنیی لەسەر داناوە، بۆیە ، گرنگە ئەو دەرفەتە لە كۆنفرانسی میونشن بەكاربێنێت و ببێتە بەشێك لە چارەسەر و پێگەیەكی گرنگ بۆ هێوركردنەوە و بەرگریكردن لە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتی.هەرێمی كوردستان هەمیشە دەسپێشخەر بووە بۆ ئاشتی لە ناوچەكە و جیهان، هەمیشە سەركردایەتی كورد هۆكاری ئارامی و سەقامگیری بووە بۆ هەموومان ، هەمیشە قوربانی و باجی گەورەی لە پێناو ئاشتی بۆ كوردستان و ناوچەكە و جیهان بەخشیووە .
ئەم هەواڵە 625جار خوێندراوەتەوە |