English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت دەكات
2024-02-14 [01:53 AM]

ZNA-هەولێر


  

ڕۆژی چوارشەممە 14ی شوباتی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دەیڤید برگەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن. ناشبێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێم بكرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبوو ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە پێویستە هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێن و نابێ بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی وەربدرێت و نابێ كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان.

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەن پێكهاتەی سووننە بە لێكتێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك ڕێك بكەون و هەموو لایەكیش هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

سەبارەت بە دۆخی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەم بابەتە پرسێكی نیشتیمانییە و پەیوەست نیە تەنیا بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو و دەبێ ئەم بابەتە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بگەنە ڕێككەوتن و ئەنجام. دەبێ هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش ئەو ڕاستییە بزانن كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە. هەر لەبارەی ئەم پرسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی زیاتر بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەركی پارلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق دەبێ دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێكەوتە و هاوكێشەكانی هەرێمایەتی و دەبێ بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی هەموو شوێن و پێكهاتەكانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.
هەموو لایەکیش باش دەزانن ئەگەر ئەمەریکا ڕژێمی پێشووی نەڕووخاندبا و یارمەتیی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەستەڵاتدارن هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن.





ئەم هەواڵە 514جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad