English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەرلەمانتارێکی پارتی: ئێمه‌ چاوەڕوان بووین ‌عێراقی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور به‌ڕێوه ‌ببرێت
2024-02-12 [05:14 AM]

ZNA-هەولێر


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کە كاتی خۆی بوونی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراقدا به‌ ره‌زامه‌ندیی خودی حكوومه‌تی عێراق بووه‌ و له‌ ساڵی 2007 رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ و له‌ ساڵی 2014 گۆڕانكاری له‌و رێككه‌وتنەیەدا كراوه‌ و دووباره‌ درێژه‌ی پێ دراوه‌ته‌وه،‌ له ‌رێككه‌وتندا لایه‌نێك به‌ته‌نیا بۆی نییه‌ داوای كشانه‌وه‌ بكات، ده‌بێت به ‌رێككه‌وتنی هه‌ردوولا بێت.

خدر مه‌نتك، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: له‌ سالی 2003 ئه‌مه‌ریكا هات بۆ رزگاری و له‌ناوبردنی رژێمی پێشووی عێراق، بۆ ئه‌وه ‌بوو عێراقێكی فیدراڵیی دیموكراتی دروست بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای 20 ساڵ له ‌پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق، دۆخه‌كه‌ به ‌شێوه‌یه‌كه،‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی ده‌یه‌وێت عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببات و ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی دروست بوون له‌ عێراقدا نه‌یانتوانیوه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆیان بكه‌ن، جیا له‌وه‌ش، هێشتا نه‌كه‌وتووەته‌ سه‌ر پێی خۆی، تا هه‌ندێك بڕیاری چاره‌نووساز بدات، ماوه‌یه‌كە به‌ گه‌رمی باس له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت له‌ عێراقدا، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێرەدا‌ بگوترێت، ئه‌مە داواكاریی هه‌موو عێراقییه‌كان نییه،‌ داواكاریی به‌شێكی كه‌می عێراقییه‌كانه‌ و ورووژاندنی ئه‌جێندای ده‌ره‌كیی له‌پشته‌وه‌یه،‌ به‌تایبه‌ت سیاسه‌تی ئێران له ‌ناوچه‌كه‌ و لە عێراق.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گووتی: بابه‌تی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پێویستی به‌ بۆچوونی هه‌موو عێراقییه‌كان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئێستا كه‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق ‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنێكی سیاسی بووه‌ له ‌چوارچێوه‌ی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت دروست بووه و هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندیی به‌ چاره‌نووسی عێراقه‌وه‌ هه‌بێت، ده‌بێ له‌ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بڕیاری لەسەر بدرێت، هه‌ر بڕیارێك بدرێت، پێویستە ره‌نگدانه‌وه‌ی رای زۆرینەی هەر زۆری عێراقییه‌كان بێت، نه‌ك گرووپێك، یان پێكهاته‌یه‌ك بڕیاری خۆی به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا بسەپێنێ، بابه‌تی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئێستا داواكاریی هه‌موو عێراقییه‌كان نییه،‌ داواكاریی به‌شێكی كه‌می عێراقییه‌كانه،‌ خۆ ناكرێت ئه‌مه‌ به‌سه‌ر پێكهاتەی گرنگی وه‌ك كورد و عەرەبی سوننه‌ بسەپێنرێت، بینیشمان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێرێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پێكهاته‌ی كورد و عەرەبی سوننه‌ به‌شدار نه‌بوون و به‌شێكی بەرچاوی عەرەبە شیعه‌كانیش به‌شدار نه‌بوون، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌یه كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ پێویستی به‌ ورده‌كاری و رێككه‌وتنی سیاسی و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ هه‌یه‌.

خدر مه‌نتك گووتیشت: ئێستاش ده‌بێت براده‌رانی عەرەبی شیعه‌ له‌وێ تێبگه‌ن، ئێمه‌ وه‌ك كورد و عەرەبی سوننه‌ به‌شداریمان له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقدا كردووه،‌ له‌ چوارچێوه‌ی لێكتێگه‌یشتن و رێككه‌وتن بووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی تێدایه،‌ كه‌ حكوومه‌تیان دروست كردووه‌ و ده‌بێت بۆ بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ناو ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت گفتوگۆ بكرێت و قسه‌ بكرێت و رێككه‌وتن هه‌بێت، نه‌ك لایه‌نێك له‌سه‌ره‌وه‌ی رێككه‌وتنی سیاس بێت، به‌ڕاشكاوانه‌ دەیڵێین، له‌م قۆناغه‌ له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا نین، به‌داخه‌وه‌ ئه‌زموونێكی خراپمان هه‌یه‌ له‌وه‌ی، ماوه‌ی ساڵای رابردوو چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی عێراق كراوه،‌ بۆیه‌ ناكرێت به‌م عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ به ‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی عێراق بدرێت، پێمان وایه‌ له‌م قۆناغه‌ ‌بە كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا چاره‌نووسی پێكهاته‌كان خراپ ده‌بێت.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەشکرس، کە ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چاوەڕوان بووین له‌ عێراقی نوێ ئەوە بوو كە ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور به‌ڕێوه ‌ببرێت و پێكهاته‌كانی عێراق له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و بڕیاری هاوبه‌ش و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور پێكه‌وه‌ بین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا، به‌هۆی سەپاندنی بڕیاری عه‌قڵییه‌تێكی خراپی ئیداره‌دانه‌وه،‌ پێكهاته‌كان له ‌بڕیاری سیاسیی عێراق فه‌رامۆش كران، عه‌قڵییه‌تێك هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت عێراق بگەڕێنێته‌وه‌ بۆ پێش پرۆسه‌ی ئازادبوون، هه‌ر بۆیه‌ زۆر له‌ بڕگه‌كانی ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌كراون‌ و پاشه‌كشه‌یان پێ كراوه،‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت پێكهاته‌كان به‌گشتی له‌گه‌ڵ عێراقدا بڕیار بده‌ن، ده‌بێت هه‌موومان بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێزی گفتوگۆ و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌كه‌وینه‌ ژێر كاریگه‌ریی هیچ فشارێكی گرووپی عەرەبی شیعه،‌ كه‌ بیه‌وێت خۆیان به‌سه‌رماندا‌ بسەپێنن.

هەروەها خدر مه‌نتك، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە كاتی خۆی بوونی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراقدا به‌ ره‌زامه‌ندیی خودی حكوومه‌تی عێراق بووه‌ و له‌ ساڵی 2007 رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ و له‌ ساڵی 2014 گۆڕانكاری له‌و رێككه‌وتنەیەدا كراوه‌ و دووباره‌ درێژه‌ی پێ دراوه‌ته‌وه،‌ له ‌رێككه‌وتندا لایه‌نێك به‌ته‌نیا بۆی نییه‌ داوای كشانه‌وه‌ بكات، ده‌بێت به ‌رێككه‌وتنی هه‌ردوولا بێت، ئه‌م بڕیاره‌ش پێویستی به ‌بڕیاری هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان هه‌یه،‌ نه‌ك حزبێك، یان پێكهاته‌یه‌ك به‌ته‌نیا. پێمان وایه‌ هێشتا عێراق به‌بێ ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت ئیداره‌ی خۆی بدات، چونكه‌ هێزی سوپایی و مه‌شق و راهێنان و به‌رگریی عێراق له‌و ئاستەدا‌ نییه‌، كە به‌بێ ئه‌مه‌ریكا بتوانێ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بدات.


رێباز یونس





ئەم هەواڵە 451جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad