ZNA- هەولێر وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا بە سەردانێک گەیشتنە هەولێر، هاوکات لەلایەن وەزیری پێشمەرەگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کران.
ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا، بە سەردانێک گەیشتنە هەولێری پایتەخت.
هاوکات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازیان لێکرا.
وەزیری بەرگری تورکیا و سوپاسالاری تورکیا، پێش ئەوەی سەردانی هەولێر بکەن سەرەتا سەردانی بەغدایان کرد و لەوێدا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، لە بەغدا لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا رایگەیاند، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سنوور و دۆسییەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات لەڕێگەی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش بێت.
سوودانی، دووپاتیشیكردەوە، رێگەنادەن خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشەکردن لەسەر توركیا و وڵاتانی دراوسێ و لەوچوارچێوەشدا عێراق رێوشوێنی زۆری بۆ پاراستنی سنوورەكانی لەگەڵ توركیا گرتووەتەبەر.
ھاوكات لای خۆیەوە وەزیری بەرگری تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پاراستنی سنوورەكان و گرتنەبەری رێكاری ئەمنی لە بواری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیشاندا.
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و تورکیا؛ مەتین گوراک، سەرۆک ئەرکانی سوپا و شاندی یاوەریان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا.
ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، سەردانەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنە لەبارەی پەیوەندییەکانی هەردوولا و ئەو بابەتانەی کە هەردوولا هەماهەنگییان لەسەر هەیە.
سەردانەکەی گولەر لەکاتێکدایە، رۆژی 23ـی مانگی رابردوو، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆبووبووەوە، هاوکات ژاڵن لە سەردانەکەی بۆ هەولێر لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازیی لێکرابوو.
ئەم هەواڵە 598جار خوێندراوەتەوە |