English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری بەرگریی تورکیا و سوپاسالاری تورکیا گەیشتنە هەولێر
2024-02-06 [07:18 AM]

ZNA-ھەولێر


وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا بە سەردانێک گەیشتنە هەولێر، هاوکات لەلایەن وەزیری پێشمەرەگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کران.

ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا، بە سەردانێک گەیشتنە هەولێری پایتەخت.

هاوکات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازیان لێکرا.

وەزیری بەرگری تورکیا و سوپاسالاری تورکیا، پێش ئەوەی سەردانی هەولێر بکەن سەرەتا سەردانی بەغدایان کرد و لەوێدا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، لە بەغدا لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا رایگەیاند، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سنوور و دۆسییەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات لەڕێگەی هاریکاری‌ و هەماهەنگی هاوبەش بێت.

سوودانی، دووپاتیشیكردەوە، رێگەنادەن خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشەکردن لەسەر توركیا و وڵاتانی دراوسێ و لەوچوارچێوەشدا عێراق رێوشوێنی زۆری بۆ پاراستنی سنوورەكانی لەگەڵ توركیا گرتووەتەبەر.

ھاوكات لای خۆیەوە وەزیری بەرگری تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پاراستنی سنوورەكان و گرتنەبەری رێكاری ئەمنی لە بواری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیشاندا.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و تورکیا؛ مەتین گوراک، سەرۆک ئەرکانی سوپا و شاندی یاوەریان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا.

ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، سەردانەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنە لەبارەی پەیوەندییەکانی هەردوولا و ئەو بابەتانەی کە هەردوولا هەماهەنگییان لەسەر هەیە.

سەردانەکەی گولەر لەکاتێکدایە، رۆژی 23ـی مانگی رابردوو، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی عێراق کۆبووبووەوە، هاوکات ژاڵن لە سەردانەکەی بۆ هەولێر لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازیی لێکرابوو.





ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad