ZNA- هەولێر
باڵیۆزی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە ڕەتی کردەوە وڵاتەکەی بنکە و ڕاوێژکاری سەربازیی لە عێراق هەبێت.
ئەمیرسەعید ئیرەوانی ئەوەیشی ڕەت کردەوە کە وڵاتەکەی دەستوەردان لە کاروباری سیاسی و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەدا بکات و هۆکار بێت بۆ پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا.
گوتیشی، هۆکاری سەرەکیی شەڕ لە ناوچەکەدا بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیایە و داوای کرد ئەو دوو وڵاتەکە ناوچەکە بەجێ بێڵن.
ئیرەوانی لە کاتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە گرووپە چەکدارەکانی بە گوتەی ئێران ''بەرەی مقاومە'' لە ناوچەکەدا سەربەخۆن، کە ئەمریکا بەردەوام باس لەوە دەکات، ئەو گرووپانە بە پشتگیری و هاندانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و کەشتییە بارهەڵهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابلمەندەب.
ئەم هەواڵە 343جار خوێندراوەتەوە |