ZNA - هەولێر رووسیا جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هێرشەکانی لە عێراق و سووریا بۆ بەرزکردنەوەی وێنەی خۆی ئەنجامداوە، لە کاتێکدا کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا گەرمبووە، نەک لە وەڵامی کوشتنی سەربازانی ئەمەریکا.
ڕۆژی هەینی رابردوو ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دەیان گرووپە چەکدارەکان ئەنجامدا لە عێراق و سووریا، کە ئەمەریکا ئەو گرووپانەی بەلایەنگری ئێران وەسف کرد.
ڤاسیلی نێبێنزیا باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا لە ئارادا نییە.
نێبێنزیا گوتی: "ئێمە لەم هەوڵانەدا دەبینین خواستێک بۆ ڕاستکردنەوەی وێنە کارەساتبارەکەی ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا هەیە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وەک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی".
ئەم هەواڵە 355جار خوێندراوەتەوە |