ZNA - هەولێر وەزیری تەندروستی رووسیا دووپاتی کردەوە، کە نالۆژیکییە رووسیا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکشێتەوە بەهۆی پێویستی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و داتا، و بەرگریکردن لە هەڵوێستەکانی رووسیا لەو ڕێکخراوەدا.
میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستی رووسیا گوتیشی: پێویستە لەگەڵ هەموو وڵاتان هاوکاری بکەین و داتا و زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەین.
ڕوونیشی کردەوە کە تەحەداکردنی پەتای کۆرۆنا پێویستی هاوکاری نێودەوڵەتی نیشان دا، هەروەها جەختی لە گرنگی بەرگریکردن لە هەڵوێستەکانی رووسیا لە ڕێکخراوەکە کردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: بۆیە وازهێنان لە ڕێکخراوەکە نالۆژیکی و ناپێویستە.
پێشتریش نوێنەرایەتی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی بەردەوامی مۆسکۆی بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک ڕێکخراوی پێشەنگی نێودەوڵەتی لە بواری تەندروستی دووپاتکردەوە و داوای شەفافیەتێکی زیاتری لێکرد.
نوێنەرایەتی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ لەم دواییانەدا ڕایگەیاند: "وڵاتەکەمان بەردەوام پشتیوانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکات وەک دەزگای پێشەنگ و هەماهەنگی لە کارە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان".
دەشڵێت: ئێمە داکۆکی لە زیادکردنی شەفافیەت و لێپرسینەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکەین بەرامبەر بە وڵاتانی ئەندام، لەنێویاندا لە چوارچێوەی هەوڵە فرەلایەنەکان بۆ بەهێزکردنی ڕێسا نێودەوڵەتییە تەندروستییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکار و ئامرازە نێودەوڵەتییە نوێیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان.
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |