ZNA- هەولێر وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی قوتابی کۆچکردوو 'لەوەند کاروان" کرد، هاوکات ئاماژەی بەوەدا هەڵوێستی، جوانمێرانەی باوکی قوتابی کۆچکردوو جێگەی پێزانینە کە هیچ سکاڵایەکی لەسەر قوتابخانەکە تۆمار نەکردووە و رایگەیاند: "ئەوەی روویداوە فەرمانی خوای گەورەیە و پێی شکورین".
ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی پرسە و سەرەخۆشی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەی قوتابی کۆچکردوو "لەوەند کاروان" ئەنجامدا و هیوای خواست دوا ناخۆشیان بێت و جێگەی ناوبراویش بەهەشت بێت.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هەڵوێستی جوانمێرانەی کاک کاروان باوکی لەوەندی کۆچکردوو جێگەی سوپاس و پێزانینە، کە پێی راگەیاندم: "کە بە هیچ جۆرێک سکاڵام لەسەر قوتابخانە و مامۆستاکانی نییە، لەخۆم و کەسوکارم ئەگەر دڵسۆزترنەبووبێتن ئەوا وەک ئێمە بۆی دڵسۆزبوون".
باوکی قوتابی کۆچکردوو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە وەزیری پەروەردەی گوت: "ئەوەی دەوترێت کە مردنی کوڕەکەم بەهۆی غازی سۆباوە بوبێت دوورە لە راستی و نیگەرانی خۆم دەردەبڕم بەرامبەر بەوەی بەشێک لە میدیاکان لەم بابەتە کەوتونەتە هەڵەوە".
باوکی لەوەند ئاماژەی بەوەشدا، "راستەوخۆ خۆم واژۆم نەکردووە کە مامۆستاکان و کارگێری قوتابخانە بێ کەموکوڕی بوون و رەزامەند نیم کە توشی هیچ جۆرە رێکارێکی کارگێری ببن، ئەوەی روویداوە فەرمانی خوای گەورەیە و پێی شکورین".
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) لە قوتابخانەیەکی گوندی چەقڵاوە نزیک پردی تانجەرۆ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابییەکی تەمەن 12 ساڵی پۆلی شەشی بنەڕەتی بە ناوی "لەوەند کاروان" گیانی لەدەستدا.
ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە |