ZNA - ههولێر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر له پهیامێكی رێنماییدا رایگهیاند، ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) و (ئینستاگرام)، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو ڕەگەزی (پیاو) و (ئافرەت) كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك، دواتر سەرنجی خەڵكی ڕادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم ڕێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.
ئاسایشی ههولێر باسی دهڵێت، كۆی پرۆسەكە بەم شێوەیەیە: سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبووک یان انستگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ. پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریان کردووە ڕەوانی دەکەن بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە یان لە بەرامبەر بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدۆیەکان، داوای پارەی لێ دەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە ڕێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی بەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت!
له كۆتاییدا داوای له خهڵك كرد، ئاگاداری پەیوەندییەكانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک مەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێتانەوە كردووە.
ئەم هەواڵە 553جار خوێندراوەتەوە |