ZNA - ههولێر گەردەلوولی تۆڵەی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، لە عێراق و سووریا دەستیپێکرد و 85 پێگەی ئەو گرووپانەیان بۆردوومانکرد. پێنتاگۆنیش دەڵێت، "ئەمە تەنها سەرەتایە."
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران، لهمبارهیهوه، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە شەوی رابردووەوە 85 پێگەیان لە عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە.
وتیشی، چەندین کۆگای درۆن و مووشەکی فەیلەقی قودسی پاسداران و دارودەستەکانیان لە عێراق و سووریا وێرانکردووە.
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
سەرچاوەکانی حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی لانیکەم 10 کەس لە پارێزگەی ئەنبار دەکەن. لە سووریاش سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کوژراون.
کۆشکی سپی رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانیان 30 خولەکیان خایاندووە و لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا "سەرکەوتوو بوون."
ئەم هەواڵە 349جار خوێندراوەتەوە |