ZNA - هەولێر سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدس داوای لە حکومەت کرد بەیاننامەی "لێخۆشنەبوون" بۆ ڕەفتاری سێکسی و هەراسانکردن لەنێو کارمەندانی حکومی پەسەند بکات.
دوێنێ هەینی، لە میانی مەراسیمێکدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، سەرجەم وەزیرەکان و بریکارەکانی وەزیران و بەرپرسان واژۆیان لەسەر بەیاننامەکە کرد.
کریستۆدۆلیدس رایگەیاند، چاوەڕێی ئەوە دەکات هەموو بەندەکانی بەیاننامەکە جێبەجێ بکەن و ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕێگەی هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکەمانەوە دەبێت پێش هەموو شتێک نموونەیەک دابنێین.
کریستۆدۆلیدس باوکی چوار کچە، یەکسانی جێندەری کردووە بە ئامانجێکی سەرەکی سیاسەتی ئیدارەکەی، دەشڵێت: "حکومەتەکەی لە ئێستاوە کاردەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر جیاکارییەک لەسەر بنەمای سێکسیزم".
قوبرس یاسای توندی هەیە دژی دەستدرێژی سێکسی و جیاکاری جێندەری لە شوێنی کاردا، بەڵام ئەمە یەکەمجارە وەزیرەکان ناچاربن بەیاننامەیەکی لەو شێوەیە واژۆ بکەن، کە کریستۆدۆلیدس بە "پابەندبوونێکی دامەزراوەیی" وەسفی کردووە بۆ بنبڕکردنی ئەو جۆرە ڕەفتارانە لە حکومەتدا.
بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای ئەوروپی بۆ یەکسانی جێندەری، قوبرس لە کۆی 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە پلەی 22مدایە، هەروەها لە ڕووی یەکسانی جێندەری و لە کۆی 100 وڵات 57.3 خاڵی بەدەستهێناوە.
ئەم هەواڵە 394جار خوێندراوەتەوە |