ZNA - ههولێر
دوای ئەوەی واشنتن بەڵێنیدا وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە کە کرایە سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ئوردن و بەهۆیەوە سێ سەربازیی ئەمەریکایی کوژران، ڕۆژی سێشەممە کرێملن داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە بۆچوونی ئێمە، ئاستی گرژییەکان بە شێوەیەکی گشتی زۆر جێی نیگەرانییە، بە پێچەوانەوە ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاو بگیردرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان."
کۆشکی سپی بەڵێنیداوە " وەڵامێکی زۆر توندی " هەبێت بۆ هێرشەکەی سەر بنکەکەی ئوردن کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام درا و سێ سەربازیی ئەمەریکایی کوژران، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات.
تارانی هاوپەیمانی مۆسکۆ وتی هیچ پەیوەندییەکی نەبووە بە هێرشەکەوە و ڕەتی کردەوە پشتیوانی لەو گروپە چەکدارییانە کردبێت کە هێرشەکەیان ئەنجام داوە.
پێسکۆڤ وتی " ئەمە تەنها شتە کە دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکە، بە تایبەتی ململانێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، ئەمە یەکەمین جارە سەربازانی ئەمەریکا لە هێرشێکدا لە ناوچەکەدا بکوژرێن، ئەمەش ترسی دروست کرد لەسەر پەرەسەندنی ململانێکە لە کاتێکدا کە شەڕەکە لە غەززە بەردەوامە.
voa
ئەم هەواڵە 532جار خوێندراوەتەوە |