ZNA - ههولێر
دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و میسڕدا، سەرۆک وەزیری قهتهر ڕایگەیاند چوارچێوەیەکی کار بۆ ڕاگرتنی شەڕەکەی ناو غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بۆ حەماس دەنێردرێت.
قهتهر لەگەڵ ئەمەریکا و میسڕدا ڕابەرایەتی هەوڵەکانی نێوەندگرییان کردووە لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا. سەرۆک وەزیری قهتهر شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل ثانی لە بۆنەیەکدا لە واشنتن وتی " بەرەوپێشچوونێکی باش کراوە " لە ماوەی گفتوگۆکاندا لە پاریس.
سەرۆک وەزیرەکەی قهتهر کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بیڵ بێرنس و بەرپرسانی هەواڵگری میسڕدا پشتڕاست کردەوە، وتی گفتوگۆکان بە چوارچێوەیەکی کار کۆتاییان هاتووە بۆ ئاگربەستێکی قۆناغ بە قۆناغ کە پێدەچێت لە قۆناغی یەکەمدا بارمتە ژن و منداڵەکانی تێدا ئازاد بکرێت و یارمەتی مرۆیی زیاتر بگەیەندرێتە غەززە.
وتی " لایەنەکان هیوادارن ئەم پێشنیارە بنێردرێت بۆ حەماس و وایان لێبکەن کاردانەوەیەکی ئەرێنییان بۆ پڕۆسەکە هەبێت."
شێخ محەمەد وتیشی حەماس پێش گفتوگۆکانیش " داوایەکی ڕوونی " هەبووە بۆ " ئاگربەستێکی هەمیشەیی "، ئەم پێشنیارەی ئێستاش کە هەیە ڕەنگە " لە داهاتوودا ببێتە هۆی ئاگربەستێکی هەمیشەیی. "
ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی 132 بارمتە لە کۆی ئەو 250 بارمتەیەی کە حەماس لە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا ڕفاندوونی هێشتا لە غەززە ماونەتەوە، بە لاشەی مردووی لانیکەم 28 بارمتەشەوە.
voa
ئەم هەواڵە 307جار خوێندراوەتەوە |