ZNA - هەولێر سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا بە ئاژانسی نۆڤۆستی ڕاگەیاند، سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بۆ تورکیا، ڕەنگە لە سەرەتای مانگی شوباتدا بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش بەندە بە کارنامەی سەرۆکی رووسیا و تورکیا.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، بەنیازە لە سەرەتای ئەمساڵدا چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا تورکیەکەی بکەوێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند، کرێملین دەستبەجێ وادەی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک ڕادەگەیەنێت.
ئەو سەرچاوە تورکییە بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە: "چاوەڕوانییەکانمان لە سەرەتادا مانگی شوباتە، بەڵام بێگومان هەموو شتێک بەندە بە کارنامەی هەردوو سەرۆکەکەوە، هەماهەنگی لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەردەوامە".
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کە هیوادارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەش.
ئەم هەواڵە 454جار خوێندراوەتەوە |