ZNA - هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر چوار کەسدا جێبەجێکرد، کە گوایە سەر بە مۆسادی ئیسرائیلن، کە ساڵی رابردوو دەستگیر کرابوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، وەزارەتی ئاسایشی ئێران لە مانگی تەمموزی 2022دا دەستگیرکردنی چوار کەسی ڕاگەیاند، کە تۆمەتی سیخوڕیان بۆ مۆساد دابووە پاڵ. گوایە ئامانجیان تەقاندنەوەی کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی و ئامێری مووشەکی لە ئیسفەهان بووە.
دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، کیسی ئەو چوار کەسە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ئیسلامی کرا و لە 22 ئەیلوولی ساڵی رابردوو، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانییان بۆ دەرچوو، هەروەها ئەمڕۆ سزاکە بەسەریاندا جێبەجێکرا.
ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، محەمەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی شارۆچکەی دێوڵانی پارێزگای سنەیە، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی شاری کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 19 مانگ بوو زیندانی کرابوون و لە مافی بوونی پارێزەریش بێبەشکرابوون.
ئەم هەواڵە 535جار خوێندراوەتەوە |