ZNA - هەولێر کەناڵی "ئەلمەسیرە"ـی یەمەن بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بە دوو هەڵمەت هێرشێکیان ئەنجامدا و ناوچەی ڕەئس عیسایان لە پارێزگای حەدیدەی یەمەن کردە ئامانج.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی هێرشێکیان بۆ سەر مووشەکی دژە کەشتی حوسییەکان ئەنجامداوە کە ئامادەیان کردبوو لە ئامانجەکانیان بدەن لە دەریای سوور.
سێنتکۆم، لە بەیاننامەیەکدالە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمەریکا مووشەکەکەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن کردووەتە ئامانج، چونکە هەڕەشە بووە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتیەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، " هێزەکانی ئەمەریکا مووشەکەکەی حوسییەکانیان بۆردومانکرد و لەناویانبردن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم ڕێوشوێنە دەبێتە هۆی پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و سەلامەتترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان.
لەماوەکانی ڕابردوو چەندین جار حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ئەمەریکا، لەبەرامبەردا ئەمەریکا و بەریتانیاش بۆردومانی پێگەکانی حوسییەکانیان کردووە.
ئەم هەواڵە 538جار خوێندراوەتەوە |