ZNA - ههولێر
ڤیکتۆر ئۆربەن، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ڕایگەیاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سکرتێری گشتیی ناتۆ، ینس ستۆڵتنبێرگی ڕایگەیاندووە حکومەتی هەنگاریا پشتگیری لە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ دەکات.
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڕۆژی چوارشەممە، 24ی مانگی یەک لە پلاتفۆرمی ئێکس(تویتەری پیشوو) لە پۆستێکدا نووسیوێتی "من دووپاتمکردەوە کە حکومەتی هەنگاریا پشتگیری لە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا دەکات."
ئۆربەن ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە سکرتێری گشتیی ناتۆی وتووە بەردەوام دەبێت لە هاندانی ئەنجومەنی نیشتمانی هەنگاریا بۆ دەنگدانیان سەبارەت بە بەشداریکردنی سوید لە ناتۆدا و داوای کردووە لە یەکەم دەرفەت کۆتایی بە پەسەندکردنەکە بهێنن.
ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا و حکومەتەکەی بە ڕوونی پشتگیری لە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ دەکەن.
شایانی باسە پەرلەمانی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ئەندامێتی سویدی لە ناتۆدا پەسەند کرد و بەمەش هەنگاریا وەک تاکە ئەندامی ناتۆ مابووە کە تا ئێستا پەیوەستبوونی سویدی بە ناتۆوە پەسەند نەکردووە.
بۆ ئەندامبوونی وڵاتێک لە ناتۆدا، دەبێت هەموو ئەندامانی ناتۆ داواکارییەکانی ئەو وڵاتانە پەسەند بکەن. ئەنکەرە و بوداپێست دوو لەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ بوون کە ڕێگرییان لە سوید کردبوو بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییە سەربازییەوە.
voa
ئەم هەواڵە 316جار خوێندراوەتەوە |