ZNA - ههولێر
ئەمریکا و بەریتانیا لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەی بە پشتیوانی ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا بەڕێوەی دەبەن، هێرشیان کردە سەر هەشت ئامانجی حووسی لە یەمەن.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە پشتیوانی هێزی ئەو وڵاتانەی ناویانهێندراوە هێرشیان کردووەتە سەر چەند خاڵێکی حووسییەکانی یەمەن کە کەشتیە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەو هێرشە ئاسمانییانە بە ئامانجی لەناوبردنی هەڕەشەکانی حووسییەکان ئەنجامدراوە بۆ سەر کەشتیە بازرگانییەکان و بازرگانی جیهانیی، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە حووسییەکانیش لە ١١ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا، هێرشی مووشەکی بالستیان بۆ سەر کەشتییەکانی هاوپەیمانان و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر کەشتیە بازرگانییەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرش کراوەتە سەر هەشت ئامانج و هاتووە: "هێرشەکەی ئەمڕۆ بەتایبەتی کۆگاکانی ژێر زەوی و توانا مووشەکی و ئاسمانییەکانی حووسییەکانی کردە ئامانج".
ئەم هەواڵە 316جار خوێندراوەتەوە |