ZNA - هەولێر رۆژنامەی "زود دۆیتچە زایتونگ"ـی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، گرژی توند لە نێوان سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە چوارچێوەی پشتیوانی نەکردنی ئۆکرانیا سەریهەڵدا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاردانەوەی فەرەنسا توند بووە بەرامبەر بەو رەخنانەی ئاراستەی دەکرێن بەهۆی پشتیوانی نەکردنی ئۆکرانیا، چونکە ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا داوای زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا کرد.
رۆژنامەکە دەشڵێت، بانگەوازی هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا هەیە بۆ زیادکردنی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا بە سەرۆکایەتی ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا.
شوڵتز بە ئاشکرا داوای کردووە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەورووپا نموونەی بەرلین بگرنە بەر، کە ئەمساڵ هاوکارییە سەربازییەکانی ئۆکرانیای دوو هێندە کرد و گەیشتە هەشت ملیار یۆرۆ، لە کاتێکدا بانگەوازەکەی ئاراستەی وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و ئیسپانیا کرد کە فەرەنسا سەرۆکایەتی دەکات.
دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەڵمانیا لە ساڵی 2024 بەڵێنی بە کیێڤ داوە هەشت ملیار یۆرۆ بدات، هەروەها هۆڵەندا بەڵێنی 2.5 ملیار یۆرۆی داوە، لەکاتێکدا هیچ شتێکی لەم شێوەیە نەبیستراوە لە فەرەنساوە.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، سێباستیان لێکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا کاردانەوەی توندی هەبووە بەرامبەر بەو جۆرە رەخنانەی کە ئاراستەی فەرەنسا کراوە سەبارەت بە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە دۆخێکی سەربازی تاریک بۆ ئۆکرانیا کردووە، بەو پێیەی دژە هێرشی ئۆکرانیا شکستی هێنا، ئەمە جگە لە دوودڵی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ ئۆکرانیا.
ئەم هەواڵە 301جار خوێندراوەتەوە |