ZNA:هەولێر بەپێی نووسینێكی دكتۆر " پۆلۆنیا جۆرافیلۆفا" پسپۆڕ و پزیشكی خۆراك لە زانكۆی رووسی، زۆر خواردنی لالەنگی دەبێتە هەڕەشەیەك بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەبێتە هۆی تووشبوونی كەسەكە بە چەندان نەخۆشی مەترسیدار و ئامۆژگاری ئەوانەیش دەكات كە زۆر ئارەزووی خواردنی میوەكە دەكەن، رۆژانە لە پێنج لالەنگی زیاتر نەخۆن.
دكتۆرەكە ئاماژەی داوە، زۆر خواردنی لالەنگی رەنگە سەر بكێشێت بۆ نەخۆشییەكانی دڵ، شەكرە و كێشە بۆ خوێنبەرەكانیش دروست ببێت.
دكتۆرەكە ئاماژەی داوە، هەرچەندە لالەنگی زۆر دەوڵەمەندە بە ریشاڵەكان، بەڵام زێدەڕۆیی كردن لە خواردنی دەبێتە هۆی دەركەوتنی چەند هەستیارییەك لە لەشدا و هەروەها هۆكاریشە بۆ ئاوسانی سك و زیادبوونی غازات.
پسپۆڕەكە روونی كردووەتەوە، لالەنگی لە پێكهاتەكەیدا بڕێكی زۆر لە شەكر و ترشی "لیمۆنیك و ئیسكۆربیك" لەخۆ دەگرێت و هۆشداری دەدات بەوانەی كە قەڵەون و نەخۆشییەكانی گورچیلە و زیادی رێژەی ترشەڵۆكی گەدەیان هەیە لە خواردنی ئەم میوەیە خۆیان بەدوور بگرن، بەهۆی ئەوەی زیادەڕۆیی كردن لە خواردنی لالەنگی دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی چەوری و زیادبوونی وزە لە لەشدا، كە ئەمەیش دەبێتە هۆی قەڵەوی و بەهۆیەوەیش ئەگەرەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و دڵ و خوێنبەرەكان و چەند نەخۆشییەكی تر روو لە زیادی دەكەن.
دكتۆرە رووسیەكە ئامۆژگاری باوان دەكات كە ئەو منداڵانەی تەمەنیان نەگەیشتووەتە سێ ساڵان، رێگە نەدرێ میوەكە بخۆن، " خۆ ئەگەر منداڵەكە خواردی و بەهۆیەوە تووشی هەستیاری بوو، ئەوا بەپەلە پێویستە منداڵەكە بگەیەنرێتە لای پزیشكی منداڵان" بەپێی پسپۆڕە رووسیەكە.
پۆلۆنیا ئاماژەشی داوە، وێڕای ئەو زیانانەی كە بەهۆی زێدەڕۆیی كردن لە خواردنی لالەنگییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەگەر بەرێكوپێكی و بێ زێدەڕۆیی بخوورێت بە سەرچاوەیەكی گرنگی وزە بۆ مرۆڤ دادەنرێت و لە پێكهاتەی میوەكەیشدا كۆمەڵێك ریشاڵی خۆراكی تواوە و نەتواوەی تێدایە كە یارمەتی كۆئەندامی هەرس دەدات و رێگە لە قەبز بوونیش دەگرێت، جگە لەوەیش یارمەتی باشتركردنی هەڵمژینی مادە خۆراكییەكان دەدات لەلایەن ریخۆڵەكانەوە.
لە كۆتایی ئامۆژگارییەكانی دكتۆرە رووسیەكە " پۆلۆنیا جۆرافیلۆفا" هاتووە " نەكەن رۆژانە زیاتر لە پێنج لالەنگی بخۆن" چونكە ترشەڵۆكێك لە گەدە زیاد دەكات
ئەم هەواڵە 394جار خوێندراوەتەوە |