ZNA - هەولێر پێنتاگۆن ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەربازی ئەمەریکی لە باکووری بەغدا کەوتووەتە خوارەوە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی لە نزیک بنکەی ئاسمانی بەلەد لە عێراق کەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی جۆرەکەی دیاری بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق فڕۆکەکەیان دەرهێنایەوە، هەروەها هیچ هەواڵێک لەبارەی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە".
لای خۆیەوە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ڕایگەیاند، تەقەیان لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی جۆری "MQ-9 Reaper" کردووە، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە توانای چاودێری و هێرشی هەیە.
"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" شوێن و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق دەکاتە ئامانج، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە و پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل.
پێشتر پات ڕایدەر گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە ژمارەی هێرشەکانی سەر بنکەی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا گەیشتووەتە 130 هێرش، هەروەها بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق 53 جار هێرشیان کراوەتە سەر، 77 هێرشیش لە سووریا ئەنجامدراوە.
ئەم هەواڵە 550جار خوێندراوەتەوە |