ZNA - ههولێر
دوای زیاتر لە ساڵێک له راگهیاندنی، دواجار پلانی حکومەتی بەریتانیا سهری گرت، ئهویش ناردنی کۆچبەران بۆ رواندایه، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاساکەی پەسنکرد.
دوای گۆڕانکاری لە وردەکاری پڕۆژەیاسای حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا، پڕۆژەیاساکە بە دەنگی 320 پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە پەسندکرا.
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت:"گرنگە رێگری لە بەلەمە نایاساییەکان بکەین، خۆشحاڵم پلانەکەمان کار دەکات، ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان یەک لەسەر سێ کەمیکرد و ئەمە پێشتر رووینەداوە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە دەتوانین جیاوازی بکەین. تا ئەو کێشەیە بەتەواوی چارەسەر بکرێت پێویستە بەرپەرچدانەوەمان هەبێت، ئەگەر خەڵک بە نایاسایی بێنە ئێرە دەبێت دوور بخرێنەوە، بۆیە پلانی رواندا زۆر گرنگە".
پلانی حکومەتی بەریتانیا بۆ گواستنەوەی پەنابەران بۆ رواندا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندکراوە و ماوە لەلایەن ئەنجوومەنی لۆردەکان پەسندبکرێت.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، پێویستە ئەنجوومەنی لۆردەکانیش ئەو پلانە پەسند بکەن، تا کۆتایی بە هاتنی بەلەمی کۆچبەرە نایاساییەکان بهێندرێت.
سیاسەتی رواندا پلانی سەرەکی ریشی سوناکە تا رێگری لە کۆچبەری نایاسایی بکات و پێشتر پلانەکە لە نیسانی 2022 لەلایەن بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا پەسندکرا، بەگوێرەی پلانەکە، هەر کۆچبەرێک لەدوای یەکی کانوونی دووەمی 2022 گەیشتبێتە بەریتانیا دەنێردرێتە رواندا و لەوێ دەمێنێتە تا پڕۆسەی پەسندکردنی پەنابەرییەکەی کۆتایی دێت، ئەگەر بەریتانیا بە پەنابەر وەرینەگرێت جارێکی دیکە ناتوانێت روو لەو وڵاتە بکات.
ئەم هەواڵە 370جار خوێندراوەتەوە |