ZNA- هەولێر
عەبدولقەهار بەلخی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و نیگەرانیی هێرشی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری ئیسلامیی پاکستان دەربڕی.
نێوبراو لە پەیامەکەیدا داوای لە دوو وڵاتی دراوسێی ئەفغانستان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و داوای لە تاران و ئیسلام ئاباد کرد لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە کێشە و ناکۆکیەکانیان چارەسەر بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران و پاکستان نیگەرانیی دەربڕیوە و داوای دان بەخۆ داگرتنی لێیان کردووە.
سوپای پاسدارانی ئێران رۆژێک دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان، شوێنێکی بەلووچستانی پاکستانیشی مووشەکباران کرد و پاکستانیش دوای ئەوەی باڵیۆزی خۆی لە ئێران بانگ کردەوە و باڵیۆزی ئێرانیشی دەرکرد، چەند کاتژمێر دواتر هێرشی کردە سەر ئێران و ئەم هێرشە ١٠ کوژراوی لێکەوتەوە.
ئەم هەواڵە 538جار خوێندراوەتەوە |