ZNA- هەولێر
بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سێنتکۆم، ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بۆ چوارەم جار لە نێوان شەوی چوارشەممە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە، ١٨ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤، پێگەکانی میلیشیاکانی حوسییەکانیان لە یەمەن کردە ئامانج.
سێنتکۆم لە بەیاننامەکەیدا بڵاویکردووەتەوە لەم هێرشانەدا ١٤ مووشەکی "ئامادە بۆ هاویشتنی حووسیان" کراونەتە ئامانج و لەناوبراون.
ئەمە چوارەمین هەڵمەی هێزەی ئەمریکا لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دژی میلیشیا حوسییەکانی یەمەنی پشتبەستوو بە ئێرانە.
ئەم هێرشانەی ئەمریکا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی واشنتۆن جارێکی دیکە یاخیبووانی یەمەنی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، ڕوویدا.
حوسییەکان پێشتر ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاندبوو لە کەنداوی عەدەن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئەمریکایی گەورە.
ئەم هەواڵە 421جار خوێندراوەتەوە |