ZNA - ههولێر
ڕۆژی چوارشەممە 17ى1ى2024, ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد (دکتۆر تۆرکیلد بیوگ) بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان.
لەسەرەتای دیدارەکە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا هاوخەمی خۆی بۆ ڕووداوی بۆردومانەکانی شاری هەولێر دەربڕی و هیوای خواست دووبارە نەبنەوە.
لای خۆشیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابوری و سیاسی و ئەمنیانەیە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانج کردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردن لە گەشەکردن و ئاوەدان کردنەوە زیاتری هەرێمەکەمانە.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر دواین پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، وەزیری دارایی ڕایگەیاند لەدواین سەردانیان بۆ بەغداد لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتونەتە ڕێکەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لەپەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت، دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی ڕایگەیاند لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچوی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتۆتە ئاراوەو ئومێد دەکەن لەئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوی بگەنە ڕێکەوتن.
لای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند هەست بەو فشارو کاریگەریانە دەکەن کەلەسەر ئابوری هەرێم و مووچە خۆران هەیەو هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێکەوتنیکی گشتگیر.
لەکۆتایی دیدارەکەدا ئاوات جەناب نوری ڕۆڵی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای بەرز نرخاند لە پای هەوڵەکانیان بۆچارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند خەڵک و مووچەخۆری ئێمە لەوە زیاتر توانای بەرگەگرتنی فشاری سیاسی و ئابوری عێراقیان نەماوە.
ئەم هەواڵە 421جار خوێندراوەتەوە |