ZNA - هەولێر روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر لادێکانی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان سێ سەربازی سووریا کوژران.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا مەفرەزێکی هەواڵگری سەربازیی سووریایان لە گوندی دوبانە لە باشووری قامیشلۆ لە لادێی حەسەکە کردووەتە ئامانج و سێ سەربازی سووریا کوژراون.
تورکیا دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراق و سووریا، بۆ نەهێشتنی تیرۆر و ڕێگری لە سەرهەڵدانی ڕێڕەوی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی.
تورکیە هێرشەکانی لە باکووری سووریا زیادکردووە و ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەکانی کردۆتە ئامانج، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا وێستگەی نەوتی "عەودا"یان لە شارۆچکەی ئەلقەحتانیە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
ئەم هەواڵە 343جار خوێندراوەتەوە |