ZNA - هەولێر جێگری سەرۆکی کۆڵۆمبیا ڕاگەیاند، لە ڕووداوێکی ڕۆچوونی زەویدا لانیکەم 33 کەس کە زۆربەیان منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا.
فرانسیا مارکێز لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە ڕایگەیاند، دڵتەنگی قووڵی خۆم بەم ڕووداوە دەردەبڕم.
پێشتر دەسەڵاتدارانی خۆجێی ڕایانگەیاندبوو، کە لە ئەنجامی ڕۆچوونی زەوی لانیکەم 23 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە بووە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا.
سەرۆکی وڵات گوستاڤۆ پێترۆ ئامادەیی حکومەتی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ناوچەی زیانلێکەوتووەکان دووپاتکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو پاڵپشتییەک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو دانیشتووانە دەکرێت کە بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە.
تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری هەوڵی زۆر دەدەن لە ناوچەی زیانلێکەوتووەکان، هاوکات خێزان و خۆبەخشەکان کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی قوربانییەکان و گەڕان بەدوای ڕزگاربووان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە سروشتییە.
ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە |