ZNA - ههولێر
کۆشکی سپی باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەی حوسییەکان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتییان دەکات، ئەمەریکا بە دوای ململانێ لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێت.
جان کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی،12ی مانگی یەک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێم ئێس ئێن بی سی(MSNBC) جەختی لەوە کردەوە و گوتی "ئێمە بە دوای ناکۆکی لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێین و ئێمە بە دوای پەرەسەندنی گرژییەکاندا ناگەڕێین و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی گرژییەکان لەوە زیاتر پەرەیان پێبدرێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویانداوە."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لەم چاوپێکەوتنەدا هەروەها گوتی کە دوای هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان، حکومەتی ئەمەریکا هێشتا خەریکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو لێدانە ڕاستەقینانەی ئامانجەکان دەکات."
کیربی گوتیشی "هەڵسەنگاندنەکانمان بەردەوامن و پێموایە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا زانیاری باشترمان دەبێت سەبارەت بەو زیانانەی لێمانداون."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە 60 خاڵیان کردۆتە ئامانج لە 16 شوێن کە یاخیبووانی حوسییەکان لە یەمەن بەکاریان دەهێنن.
ئەم هەواڵە 358جار خوێندراوەتەوە |