ZNA- هەولێر
ئاژانسی هەواڵی فارس دووەمین ڕاگەیەندراوی وەزارەتی هەواڵگریی ئێرانی سەبارەت بە تەقینەوەکانی کرمان بڵاو کردەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ئەندازیار و پشتیوانی سەرەکیی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە، کەسێکی تاجیکستانی بە ناوی خوازراوی عەبدوڵڵا تاجیکی بووە کە لەگەڵ ژنێک و منداڵێک بە شێوەی قاچاغ لە سنووری باشووی ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە چووەتە ناو وڵاتەکەوە و لە سنووری کرمان خانوویەکی بەکرێ گرتووە.
بە گوێرەی ئەم ڕاگەیەندراوە، ئەو کەسە کە شارەزای دروستکردنی بۆمبی دەستسازە دوو ڕۆژ پێش ڕووداوەکە ئێرانی بەجێ هێشتووە.
ناسنامەی یەکێک لە خۆکوژەکانیش بە ناوی بوزروف ئیسرائیلی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی تاجیکستان ئاشکرا کراوە و سەبارەت بە ناسنامەی خۆکوژی دووەمیش هاتووە سەرەداویان دەست کەوتووە و هەتا ئێستا ٣٥ کەسییشیان لەم پەیوەندییەدا دەستگیر کردووە.
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |