ZNA - ههولێر
شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن تاوتوێی ئەو هێرشانەیان کرد کە زیاتر لە سێ مانگە لە کەرتی غەززە درێژەی هەیە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعوودیە SPA بڵاوی کردەوە، محەمەد بن سەلمان لە شاری عولای باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بلینکن کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە سەبارەت بە پەیوەندییەکان و هاریکاری نێوان هەردوو وڵات، پێشهاتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەو کارانەی کراون بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دوایین پەرەسەندنەکانی ئەو ڕووداوانەی لە غەززە و دەوروبەری دەگوزەرێت.
شازادەی جێنشینی سعوودیە بن سەلمان، جەختی لەسەر گرنگیی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل کردەوە لە کەرتی غەززە کە زیاتر لە سێ مانگە درێژەی هەیە، لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە ئاستی مرۆییدا و داوای کردوە هەلومەرجی پێویست فەراهەم بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین و ئاشتیی دادپەروەرانە و درێژخایەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی هەریەک لە تورکیا، ئوردن و قەتەری کرد، لە ئیماراتەوە گەیشتە سعوودیە و چاوەڕوان دەکرێت سەردانی ئیسرائیل و کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو و میسریش بکات.
AA
ئەم هەواڵە 346جار خوێندراوەتەوە |