ZNA - ههولێر
ڕۆژی دووشەممە کەنەدا و بەڕیتانیا و سوید و ئۆکرانیا ڕایانگەیاند بە فەڕمی سکاڵایەکییان لە ئەنجومەنی فڕۆکەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکردووە لە هەوڵێکییاندا بۆ لێپێچینەوە لە ئێران لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەرنشین لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی 176 کەس.
زۆربەی ئەوانەی گیانییان لە دەستدا هاووڵاتی ئەو چوار وڵاتە بوون، چوار وڵاتەکەش گروپێکی هەماهەنگییان پێکهێناوە کە هەوڵ دەدات ئێران بە بەرپرس دابنێت لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە.
چوار وڵاتەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتییان " ئەمڕۆ بە هاوبەشی ڕێکارێکی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکمان دەستپێکردووە لەبەردەم ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتیدا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بەکارهێنانی چەک دژی فڕۆکەیەکی مەدەنی لە گەشتدا."
مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو چوار وڵاتەکە وتییان دۆسییەکە دەبەنە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی.
ئێران دەڵێت خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بۆینگ 737 لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕووداو بووە و وتی هۆکارەکەی ڕادارێک بووە کە بە هەڵە ڕێکخراوە و هەڵەی کارمەندێکی هێزی بەرگری ئاسمانی بووە، لە کاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئاستێکی بەرزدا بوو.
voa
ئەم هەواڵە 352جار خوێندراوەتەوە |