ZNA - ههولێر
ئۆفیسی دادوەری گشتی هەرێمی خارکیڤی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە بەڵگەی زیاتری خستەڕوو لەسەر ئەوەی ڕووسیا موشەکی کۆریای باکووری ئاڕاستەی ئۆکرانیا کردووە و پارچەکانی موشەکەکەی خستەڕوو.
رۆژی هەینی ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕووسیا لەم هەفتەیەدا بۆ یەکەمین جار بە موشەکی کۆریای باکوور لە ئۆکرانیای داوە.
وتەبێژی ئۆفیسی دادوەری گشتی خارکیڤ دمیترۆ چوبینکۆ وتی موشەکەکە یەکێک بووە لە چەندین مووشەک کە لە 2 ی مانگی یەکدا لە شاری خارکیڤییان داوە، بە سەیرکردن و لە ڕووی تەکنیکیشەوە جیاواز بووە لە مۆدێلی موشەکەکانی ڕووسیا.
وتی " شێوازی بەرهەمهێنانەکەی زۆر مۆدێرن نیە. لە موشەکەکانی ئیسکاندەر ناچن کە پێشتر لە هێرشەکاندا بۆ سەر خارکیڤ بەکارهێندراون. ئەم موشەکە هاوشێوەی یەکێکە لە موشەکەکانی کۆریای باکوور."
وتی موشەکەکە تۆزێک گەورەتر بووە لە موشەکی ئیسکاندەری ڕووسیایی، بەشی دواوەی موشەکەکەش جیاواز بووە.
ئاماژەشی بەوەدا " لەبەرئەوەیە کە ئێمە دەڵێین ڕەنگە ئەمە موشەکێک بێت لەلایەن کۆریای باکوورەوە دابین کرابێت."
چوبینکۆ ڕەتی کردەوە ناوی تەواوی مۆدێلی موشەکەکە ئاشکرا بکات.
ڕووسیا لەم هەفتەیەدا بە چەندین موشەک هێرشی کردە سەر خارکیڤ و دوو کەس کوژران و زیاتر لە 60 کەسی دیکە بریندار بوون، هێرشەکانیش یەکێک بوون لە گەورەترین هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا.
کۆریای باکوور لە ساڵی 2006 ەوە لە ژێر گەمارۆی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ یەکەمین جار بۆمبێکی ئەتۆمی تاقیکردەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارێکدا کە ڕووسیاش پەسەندی کردووە، قەدەغەی دەکات لەسەر وڵاتان بازرگانی چەک یاخود کەلوپەلی دیکەی سەربازیی لەگەڵ کۆریای باکووردا ئەنجام بدەن.
voa
ئەم هەواڵە 331جار خوێندراوەتەوە |