ZNA- هەولێر ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ژاپۆن کە لە ڕۆژی سەری ساڵدا ڕوویدا تاوەکو ئەمڕۆ شەممە 100 کەسی تێپەڕاند و تا ئێستاش زیاتر لە 200 کەسی دیکە بێسەروشوێنن، ئەمەش بەرزترین رێژەی گیانلەدەستدانە کە وڵاتەکە لە ماوەی نزیکەی هوشت ساڵدا بەخۆیەوە بینیبێتی.
بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7.6 پلە کەنارەکانی ڕۆژئاوای ژاپۆنی گرتەوە ژێرخانی ناوچەکەی وێران کرد و بەهۆیەوە کارەبای 23 هەزار ماڵ لە ناوچەی هۆکوریکو پچڕا.
گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بۆ ڕۆژی شەشەم بەردەوام بوو، هاوکات زیاتر لە 30 هەزار کەس ناوچەکەیان چۆڵکرد و چاوەڕێی هاوکارینە.
کیۆدۆ نیوز بە پشتبەستن بە حکومەتی پارێزگای ئیشیکاوا ڕایگەیاندووە، 16 حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان لە شاری واجیما و شارۆچکەی ئانامیزو پشتڕاستکراونەتەوە و کۆی گشتی ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 110 کەس.
بەگوێرەی ماڵپەڕی حکومەتی ئیشیکاوا، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 98 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمەش زۆرترین ژمارەی قوربانییە لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە کومامۆتۆی باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆن ڕوویدا و لە ساڵی 2016دا کە 276 کەس گیانیان لەدەستدا.
پچڕانی ڕێگاوبانەکان و گرفتەکانی دیکە، گەیاندنی کەلوپەلی فریاگوزاری بۆناوچەکە ئەستەم کردووە.
ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە |